وەرگێڕ لە خزمەتگوزاری تەندروستییدا

وەک نەخۆش، دەبێت زانیاری دەربارەی تەندروستی و نەخۆشی و چارەسەر بە زمانێک وەربگریت کە لێی تێبگەیت. ئەگەر تووشی ئاستەنگ دەبیت لەوەی بە زمانی بەنەرویجی قسەبکەیت و تێبگەیت، مافی ئەوەت هەیە وەرگێڕت هەبێت بە زمانێک کە خۆت دەخوازیت.

کێ مافی هەبوونی وەرگێڕی هەیە؟

ئەگەر لەوە تێناگەیت کە دەگوترێت یان نەتوانیت ئەوە ڕوونبکەیتەوە کە پێویستە، ئەوا مافی هەبوونی وەرگێڕت هەیە بە زمانێک کە خۆت بەلاتەوە پەسەندە. تۆ دەکرێت مافی هەبوونی وەرگێڕت هەبێت تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە بە نەرویجی قسەش دەکەیت.

کێ داوای وەرگێڕ دەکات؟

خزمەتگوزاری تەندروستی بەرپرسیارە لەوەی وەرگێڕێکی لێهاتووت بۆ داوابکات.

زەحمەتە بزانرێت کە ئایا وەرگێڕت پێویستە یان نا. بە شێوەیەکی سەرەکی کارمەندی تەندروستی خۆی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە بەکارهێنانی وەرگێڕ پێویستە یان نا. خۆشت دەتوانیت داوای وەرگێڕ بکەیت ئەگەر پێتوابوو کە پێویستیت پێی هەیە، بۆ نمونە ئەو کاتەی کە وادەیەک وەردەگریت.

هەروەها دەتوانیت تەلەفۆن بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی بکەیت و داوابکەیت کە وەرگێڕت بۆ داوا بکەن.

هەبوونی وەرگێڕ لە رێگەی تەلەفۆن یان ڤیدیۆوە هەندێکجار جێگرەوەیەکی باشە لەبری ئەوەی وەرگێڕەکە لەگەڵتاندا بێت لە هەمان ژووردا.

لە یاسای وەرگێڕانی زارەکیدا هاتووە کە دەبێت دامەزراوە گشتییەکان لە کاتی پێویستدا وەرگێڕی لێهاتوو بەکاربهێن.

کێ دەتوانێت کاری وەرگێڕان بکات؟

وەرگێڕ دەبێت کەسێک بێت کە ڕاهێنانی لەبارەی کاری وەرگێڕان کردبێت.

منداڵ نابێت وەک وەرگێڕ بەکاربهێنرێت. هەروەها خزم و کەسی تر کە ڕاهێنانی وەرگێڕانی ئەنجام نەداوە، نابێت وەک وەرگێر بەکاربهێنرێت لەبری وەرگێڕێکی پاڵێوراو کاربکات.

تۆ خۆت دەبێت ئاگاداری چی بیت کاتێک وەرگێڕ بەکاردەهێنیت؟

گرنگە بە کارمەندانی خزمەتگوزاری تەندروستی بڵێیت کە چ زمانێکت بەلاوە پەسەندە.

کاتێک وەرگێڕێک بۆ یارمەتیدان لەبارەی گفتوگۆیەکەت بانگدەکرێت، گرنگە تۆش لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبیت. ئەگەر ناتوانیت لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبیت، ئەوا پێویستە کە ٢٤ کاتژمێر بەر لە وادەکەت داوای هەڵوەشاندنەوەی وادەکەت بکەیت. ئەگەر وانەکەی ئەوا دەبێت پارەی ڕاوێژە پزیشکییەکە بدەیت. بەتایبەتی ئەوە زۆر گرنگە لەبیری نەکەیت ئەگەر وەرگێڕ بانگکرابێت.

وەرگێڕ چییە و ئەرکەکانی وەرگیڕ چین؟

وەرگیڕ ئەرکی پاراستنی نهێنی هەیە و ناتوانێت ئەو شتانەی لە گفتوگۆکەدا دەگوترێت بە کەسی تری بڵێت.

وەرگێڕ پێویستە کاری وەرگێڕان تەنیا بۆ ئەو شتانە بکات کە دەگوترێن، نابێت ئامۆژگاری بدات یان بۆچوونی خۆی بڵێت. وەرگێڕ دەبێت بێلایەن بێت و لایەنی هیچ لایەک نەگرێت.

وەک نەخۆشێک، پێویستە پەیوەندی بە کارمەندی چاودێری تەندروستی بکەیت. هەربۆیە پێویستە هەموو پرسیارەکان ئاڕاستەی کارمەندی چاودێری تەندروستی بکەیت، نەک وەرگێڕەکە.

کێ پارەی وەرگێڕ دەدات؟

 بۆ تۆ کە نەخۆشیت خزمەتگوزاری وەرگێڕان لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەرە. حاڵەتی هەڵاوێردن (ئیستیسنا) ئەوەیە کاتێک دەچیتە لای پزیشکی ددان، ئەوا پێویستە خۆت تێچووی چارەسەرکردنی ددان بدەیت. بەهەمان شێوە پێویستە تێچووی وەرگێڕانەکەش بدەیت.

دەتوانیت سکاڵا بکەیت

ئەگەر وەرگێڕت بۆ دابین نەکرا، تەنانەت کاتێک بڕوات وایە کە پێویستیت پێی هەیە، دەتوانی سکاڵا بکەیت لەو دامەزراوەیەی کە تیایدا نەخۆشیت. هەروەها دەتوانیت لەلای سکاڵا بکەیت لەلای کارگێڕی ویلایەت لە ناوچەکەی خۆتدا، لیژنەی نەخۆش و بەکارهێنەر یان لە لیژنەی یەکسانی و جیاکاری.

ئەگەر لە وەرگێڕەکە ڕازی نەبوویت، ئەوا دەتوانیت لەو دامەزراوەیەیەی کە نەخۆشی لێی سکاڵا بکەیت.

Tolkeloven. 2021. Lov om offentlige organers ansvar for bruk av tolk mv. av 2021-06-11 nr 79.

Content provided by Helsedirektoratet

Last updated ھەینی, 28 تشرینی یەکەم, 2022